|
March 08 2010 04:14:49
|
| |
| به‌یاننامه‌ی رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان..به‌بۆنه‌ی 8 مارس رۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی ژن: |
|
ریکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان به بۆنه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی 8ی مارس، رۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی ژن، گه‌رمترین پیرۆزباییه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و ئهندامانیتان پێشکه‌ش ده‌کا. له‌م بۆنه نێونه‌ته‌وه‌ییه گرینگه‌دا، ئاواتی سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی ره‌وا له پێناو یه‌کسانی و مرۆڤ سالاریی دا بۆ ژنانی کورد و هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی جیهان و به‌خته‌وه‌ری بۆ هه‌موو ژنێکی کوردستانی و هه‌موو ژنان له کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌خوازێ.
ئه‌مڕۆ پاش تێپه‌ڕینی پتر له یه‌ک سه‌ده له‌و رۆژه‌ی که ژنانی نیویۆرک بۆ داکۆکییکردن له مافه‌کانیان و گه‌یاندنی ده‌نگیان به هه‌موو مرۆڤایه‌تی رژانه سه‌ر شه‌قام و دواتر ئه‌و هه‌ڵوێست و هه‌نگاوه به رۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی ژن دیاریی کرا؛ قافڵه‌ی خه‌باتی ژنانی نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌کانی جیهان بۆ وه‌لانانی جیاوازی دانان و هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زیی هه‌ر له رێدایه و گه‌لێک وێسته‌گه‌ی گرینگی بڕیوه و زۆر سه‌رکه‌وتنی ده‌سته‌به‌ر کردوه. دیاره پیاوانی ئازادیخواز و مرۆڤپه‌روه‌ر له‌م خه‌بات و رێپێوانه مێژووییه‌دا هاوپشتی ژنان بوون. به‌و حاڵه‌شه‌وه هێشتا به داخه‌وه له سه‌رده‌می پێشکه‌وتنه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی مرۆڤایه‌تییدا، ژنان له هیچ جێگایه‌کی ئه‌م جیهانه‌دا، نه‌گه‌یشتوونه‌ته یه‌کسانی ته‌واو. ئه‌گه‌ر له زۆر وڵاتی جیهاندا، کۆت و به‌نده قانوونییه‌کانی سه‌رڕێی یه‌کسانی هه‌ڵگیراون و به مێژوو سپێردراون، به‌ڵام هێشتا مه‌رجه‌کانی یه‌کسانی و وه‌کیه‌کیی واقعییان له هه‌مو بواره‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و سیاسی‌دا دابین نه‌بووه. یان ئه‌گه‌ر له زۆر وڵات‌دا قانوونه فه‌رمییه‌کان باس له یه‌کسانی ومافه‌کانی ژن له کۆمه‌ڵ و خێزاندا ده‌که‌ن، ئه‌و مافانه هه‌ر له سه‌ر کاغه‌ز ماونه‌ته‌وه. به‌ڵام ده‌ردی گران ئه‌وه‌یه‌که له ژماره‌یه‌ک له وڵاتاندا، جیاوازیی دانان و هه‌ڵاواردن، قانوونی کراوه و ژنی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه به پێی قانوونی دانراو له به‌شێکی بنه‌ڕه‌تی له ماف و ئازادییه‌کانیان بێبه‌ش ده‌کرێن. له پاڵ ئه‌وه‌شدا، کۆمه‌ڵێک داب و نه‌ریتی کۆن و به‌جێماوی سه‌رده‌مه‌کانی رابردوو له‌مپه‌رێکی دیکه‌ی سه‌ر ڕێی ماف و ئازادییه‌کانی ژن و دابین بوونی یه‌کسانین. ژماره‌یه‌ک له رێژیمه سیاسییه‌کان و کۆمه‌ڵگاکانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به شێوه‌یه‌کی گشتی، نموونه‌ی ئه‌و رێژیمه سیاسیانه‌ن که جیاوازیی دانان و هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زی و پێشێلکردنی ماف و ئازادییه‌کانی ژن قانوونیی کراون و هه‌ر له‌وکاته‌شدا، کۆمه‌ڵگاکانیان به‌ستێنی له‌باریان بۆ ئه‌و ناڕه‌واییانه خۆڵقاندوه و "ژن" تێیاندابه ژان و ئازاره‌وه ده‌ژی.
ئه‌وه‌نده‌ی بۆ ژنی کورد ده‌گه‌ڕێته‌وه، ژنانی کوردستان پێش هه‌موو شتێ، قوربانیی رێژیمه سیاسییه‌کان و قانوونه‌کانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ن که کوردستانیان داگیرکردووه. ئه‌و ده‌وڵه‌ت و رێژیمانه به داگیرکردنی نیشتمانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک، ماف و ویست و ئیراده‌ی تاکه‌کانی ئه‌و نهتهوهیهشیان که نیوه‌ی له ژن پێکهاتووه، زه‌وت و پێشێل کردووه. هه‌ر له‌وکاته‌شدا، ژنانی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌که‌مان له ریزی پێشه‌وه‌ی به‌سه‌رداهاتنی تاوان و کاره‌ساته‌کانی ده‌ستی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ن. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، ئه‌و ده‌وڵه‌ت و رێژیمانه به سه‌پاندنی قانوونه‌کانیان و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و کولتووری کۆنه‌په‌رستانه‌یان کاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی به‌رچاویان له‌سه‌ر تاک و خێزان و کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری هه‌یه.
بۆیه بۆ ژنی کورد خه‌بات له پێناو وه‌دیهێنانی ماف و ئازادییه رهگهزییهکانیان و به‌رقه‌راکردنی یه‌کسانی، ئاوێته‌ی خه‌باتی رزگاری نه‌ته‌وه‌یی بووه. ئه‌زموون سه‌لماندوویه که ژنی کورد له بنده‌ستی نه‌ته‌وه‌ییدا به ماف و ئازادییه‌کانی ناگا. به‌پێچه‌وانه‌وه له بوونی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌ییدا، ده‌رگای پێشکه‌وتن و دابینکرانی ماف و ئازادیی و یه‌کسانی بۆ ده‌کرێته‌وه، ئه‌گه‌ر چی رێگایه‌کی پڕهه‌وراز و نشێویش بێ. هه‌ربۆیه ژنی کورد، له هه‌موو بواره‌کانی ئه‌م خه‌باته‌دا به‌شدار و له هه‌مووانیشدا خاوه‌ن قوربانی و فیداکاریین. خه‌باتی ئازادیبه‌خشی نه‌ته‌وه‌ییشمان له سیما گشتییه‌که‌یدا، له خۆگری ماف و ئازادییه ره‌واکانی ژنه.
ئه‌وه که به‌شێک له داب و نه‌ریته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌وارییش ئازاری ژنی کورد ده‌دا، راستییه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره. به‌ڵام ئه‌و راستییه هه‌رگیز نابێ ببێته دابه‌شبوونی مرۆڤی کورد به دوو ره‌گه‌زی دژ به‌ری یه‌کتر. به‌ڵکوو وه‌لانانی ئه‌و نه‌ریت و کۆت و به‌ندانه ئه‌رکی ئینسانی و هاوژینی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ر دوو ره‌گه‌زه‌که‌یه که ده‌بێ له پڕۆسه‌یه‌کی هێمنانه و عه‌قڵانیدا بچه‌سپێ و سیما و نێوه‌رۆکی پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ببنه ره‌نگدانه‌وه‌ی یه‌کسانی و هاوشانیی ژن و پیاو له هه‌موو ئاسته‌کاندا.
بێگومان وه‌چه‌ی نوێی کۆمه‌ڵی کورده‌واریی به ژن و پیاوه‌وه، به که‌ڵک وه‌رگرتن له زانسته مرۆڤایه‌تییه‌کانی سه‌رده‌م و ئه‌زموونی کۆمه‌ڵگاکانی دیکه، پێشه‌نگی ئه‌و رێگا و رێبازه‌ن. وه‌چه‌ی نوێی کوردستان له سه‌ریه‌تی ئه‌وه‌نده‌ی بۆ پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه، وشیارانه ئه‌و داب و نه‌ریته دزێوانه‌ی که جیاوازیی دانان و هه‌ڵاواردن له نێوان ژن و پیاو له کۆمه‌ڵ و خێزاندا پێکدێنن، هه‌ڵگرن و پێوه‌ندییه‌کی مرۆڤانه‌ی ئازاد و یه‌کسان له نێوان هه‌ر دوو ره‌گه‌زدا بچه‌سپێنن و مرۆڤسالاری بکه‌نه پێوه‌ری رێکخستن پێوه‌ندییه‌کان و هاوسه‌نگ کردنی ماف و ئه‌رکه‌کانی نێوان ژن و پیاو.
سڵاو له 8 مارس رۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی ژن
بژی ئازادی، یه‌کسانی و مرۆڤسالاری
رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان
16 ره‌شه‌مه‌ی 2709
7 مارسی 2010
هه‌موو بابه‌ت و بڵاو کراوه‌کان بیر‌و بۆچونی خاوه‌نه‌کانیه‌تی جیهان سات لێی به‌رپرسیار نیه . |