|
March 13 2010 18:55:03
|
| |
| سێیه‌مێن راپۆرتی ده رۆژه‌ی پێشێلكاری دژ به ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری: |
|
ئاماده‌كرنی/سه‌نته‌ری میترۆ بۆ راوێژ‌و داكۆكی له رۆژنامه‌نوسان:
سلێمانی، 12ی ئازاری 2010- پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق چه‌ندین پێشێلكاری دژ به‌رۆژنامه‌نوسان له هه‌رێمی كوردستاندا به‌خۆیه‌وه بینی. سه‌نته‌ری میترۆ بۆ راوێژ‌و داكۆكی له رۆژنامه‌نوسان چه‌ندین حاڵه‌تی پێشێلكاری تۆماركرد له‌كاتی پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌تی و گشتیدا وه‌ك رێگرتن له رووماڵكردنی پرۆسه‌ی ده‌نگدان، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كامێرا‌و میمۆری و سڕ‌ینه‌وه‌ی وێنه، هه‌راسانكردن و هێرشكردنه‌سه‌ر رۆژنامه‌نوسان.
له‌یه‌كێك له حاڵه‌ته‌كاندا، هێزه‌كانی ئاسایش له شارۆچكه‌ی كه‌لار هه‌ڵیانكوتایه‌سه‌ر رادیۆی (ده‌نگ) و ده‌ستیان به‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌كانی ئه‌و رادیۆیه‌دا گرت به بیانوی ئه‌وه‌ی كه گوایه وێستگه‌كه مۆڵه‌تی په‌خشی نییه. هه‌رچه‌نده رادیۆكه مۆڵه‌تی په‌خشی هه‌یه. پاش ماوه‌یه‌ك كه‌لوپه‌له‌كان گێردرانه‌وه‌و رادیۆكه په‌خشی ده‌ستپێكرده‌وه.
له سێیه‌م راپۆرتی ده رۆژه‌ی پێشێلكاری دژ به ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان كه سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له رۆژنامه‌نوسان بلاَویده‌كاته‌وه، نزیكه‌ی له 25 حاڵه‌تی پێشێلكاری تۆماركراون كه له ماوه‌ی نێوان 22ی شوبات بۆ 12ی ئازار روویانداوه، دژ به میدیای حزبی و ئازاد.
له رۆژی ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه، له رۆژی 12ی شوبات تا رۆژی 12ی ئازار، سه‌نته‌ری میترۆ بۆ راوێژ‌و داكۆكی له رۆژنامه‌نوسان نزیكه‌ی له 45 حاڵه‌تی پێشێلكاری دژ به رۆژنامه‌نوسان تۆماركردووه.
به‌پێی یاسای كاری رۆژنامه‌نوسی هه‌رێمی كوردستان، رۆژنامه‌نوسان مافی ئاماده‌بوونیان له چالاكییه گشتییه‌كاندا هه‌یه، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه ئه‌وه‌یه كه زۆربه‌ی رۆژنامه‌نوسان مۆڵه‌تیشیان هه‌بووه بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌یان به‌لاَم رێگرییان لێكراوه له روماڵكردنی پرۆسه‌ی ده‌نگدانی گشتی و تایبه‌تیدا.
له پێشێلكارییه‌كدا دژ به ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری، رۆژی شه‌ممه 4ی ئازار له كاتی وێنه‌گرتنی كه‌ژاوه‌ی چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا له هه‌ولێر، له‌لایه‌ن هێزێكه‌وه هێرشده‌كرایه‌سه‌ر هێمن مامه‌ند، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌و رادیۆی نه‌وا. هێمن به سه‌نته‌ری میترۆی وت، "چه‌ند چه‌كدارێك هێرشیانكرده سه‌رم، جنێوی ناشرینیان پێدام، پشكنیمیان، كه باجی ئاوێنه‌یان له جانتاكه‌م بینی وتیان "تۆ دوژمنی كوردیت"."
له حاڵه‌تێكی تردا، نیان محه‌مه‌د، به‌رپرسی په‌یامنێرانی كه‌ناڵی ئاسمانی گه‌لی كوردستان، وتی كه رۆژی 7ی ئازار، له سه‌یته‌ریه بێستانه له نزیك قوشته‌په، له پارێزگای هه‌ولێر، بۆ ماوه‌ی دوو كاتژمێر كامێرای ئه‌ڤین به‌هجه‌ت، په‌یامنێری كه‌ناڵی ئاسمانی گه‌لی كوردستان، ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا.
به‌پێی بڕ‌گه‌ی پێنج له مادده‌ی حه‌وته‌می یاسای كاری رۆژنامه‌نوسی، "هه‌ركه‌سێك به‌هۆی كاره‌كه‌یه‌وه سوكایه‌تی به رۆژنامه‌نوس بكات، یان ده‌ستدرێژی بكاته‌سه‌ر، ئه‌وا هه‌مان ئه‌و سزایه ده‌یگرێته‌وه كه بۆ ده‌ستدرێژیكردنه‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رێك له كاتی یان به‌هۆی به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانی دانراوه." به‌لاَم به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌نته‌ری میترۆ تائێستا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لێپێچینه‌وه له‌و كه‌سانه نه‌كراوه كه سوكایه‌تییان به رۆژنامه‌نوسان كردووه یان رێگرییان كردوه له ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانیان و له هه‌ندێ حاڵه‌تیشدا هێرشیانكردونه‌ته‌سه‌ر.
ده‌رباره‌ی راپۆرته‌كه:
پاش ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له رۆژی 12ی شوباتدا، چه‌ندین پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به رۆژنامه‌نوسان له پارێزگاكانی ژێر ده‌سه‌لاَتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا تۆماركراون. سه‌نته‌ری میترۆ بۆ راوێژ‌و داكۆكی له رۆژنامه‌نوسان بڕ‌یاریدا كه بۆ ماوه‌ی مانگێك هه‌موو ده رۆژ جارێك راپۆرتێك له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌نه بلاَوبكاته‌وه كه كاریگه‌رییان به‌سه‌ر رۆژنامه‌نوسان و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له‌هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بێت. یه‌كه‌مین راپۆرت له رۆژی 22ی شوباتدا بلاَوكرایه‌وه‌و دوایه‌مین راپۆرتی تایبه‌ت به پێشێلكاری دژ به رۆژنامه‌نوسان له كاتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا رۆژی 12ی ئازار بلاَوكرایه‌وه.
ده‌رباره‌ی سه‌نته‌ری میترۆ:
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ راوێژ‌و داكۆكی له رۆژنامه‌نوسان، رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆی بێلایه‌نی قازانج نه‌ویسته بۆ به‌رگریكردن له رۆژنامه‌نوسان و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان. سه‌نته‌ری میترۆ له مانگی ئابی ساڵی 2009دا ده‌مه‌زراوه.
بۆ په‌یوه‌ندی و ناردنی زانیاری په‌یوه‌ندی بكه‌ن به:
ره‌حمان غه‌ریب: 07701523300
مه‌ریوان حه‌مه‌سه‌عید: 07701940930
ئیمه‌یل: metroiraq@gmail.com, rahmangarib@yahoo.com
لیستی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی كه ده‌رهه‌ق به رۆژنامه‌نوسان ئه‌نجامدراون له 2 بۆ 12ی ئازار روویانداوه، ئه‌وانه‌ی سه‌نته‌ری میترۆ لێیان ئاگاداركراوه، بێگوێدانه ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندییان به بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌بووبن یان نا:
• رۆژی 7ی ئازار له به‌رده‌م بنكه‌ی گه‌ل له‌كاتی روماڵكردنی پێكهه‌ڵپژانی نێوان هێزه‌كانی ئاسایش‌و هاولاَتیاندا، هێزه‌كانی ئاسایش هێرشیانكرده سه‌ر شوان سدیق، په‌یامنێری گۆڤاری سڤیل،و میمۆری كامێراكه‌یان لێسه‌ند. شوان وتی، "ده چه‌كدار هێرشیانكرده سه‌رم، میمۆری كامێراكه‌یان لێسه‌ندم كه هه‌ندێ وێنه‌ی تایبه‌تشی تێدایه." به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌نته‌ری میترۆ تا ئاماده‌كردنی ئه‌م ڕ‌اپۆرته میمۆری كامێراكه‌ی بۆ نه‌گه‌ڕ‌ێنراوه‌ته‌وه.
• هێمن مامه‌ند، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌و رادیۆی نه‌وا، رۆژی 4ی ئازار له كاتی وێنه‌گرتنی كه‌ژاوه‌ی چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا له هه‌ولێر، له‌لایه‌ن هێزێكه‌وه هێرشده‌كرێته سه‌ری وێنه‌كانی ناو كامێراكه‌ی ده‌سڕ‌نه‌وه. هێمن به سه‌نته‌ری میترۆی وت، "چه‌ند چه‌كدارێك هێرشیانكرده سه‌رم، جنێوی ناشرینیان پێدام، پشكنیمیان، كه باجی ئاوێنه‌یان له جانتاكه‌م بینی وتیان تۆ دوژمنی كوردیت." شه‌وی 7ی ئازار، پاش ئه‌وه‌ی هێمن مامه‌ند راپۆرتێكی له ڕ‌ادێوی نه‌وا بلاَوكرده‌وه له رێگه‌ی ته‌له‌فۆنێكی نه‌ناسراوه‌وه هه‌ڕ‌ه‌شه‌ی لێكرا.
• رۆژی 5ی ئازار له هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه ته‌قه‌كرا به‌سه‌ر تیمێكی كه‌ناڵی ئاسمانی گه‌لی كوردستان. نیان محه‌مه‌د، به‌رپرسی په‌یامنێرانی كه‌ناڵه‌كه به سه‌نته‌ری میترۆی وت كه لایه‌نگرانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕ‌ان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن به ئه‌نجامدانی ئه‌و كرده‌وه‌یه.
• ئێواره‌ی رۆژی 7ی ئازار، سیروان ئیبراهیم و بارزان حه‌سه‌ن، وێنه‌گرو په‌یامنێری كه‌ناڵی ئاسمانی (KNN)، له‌كاتی روماڵكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له بنكه‌ی سه‌رهه‌ڵدان له هه‌ولێر ملازمێكی پۆلیس هێرش ده‌كاته سه‌ریان. بارزان به سه‌نته‌ر میترۆی وت، "به بۆكس لێیدام، مۆبایله‌كه‌یان لێسه‌ندین، له‌و هێرشه وایه‌رلیسی كامێراكه‌مان ون بوو."
• رۆژی 7ی ئازار، له سه‌یته‌ریه بێستانه له نزیك قوشته‌په، له پارێزگای هه‌ولێر، بۆ ماوه‌ی دوو كاتژمێر كامێرای ئه‌ڤین به‌هجه‌ت، په‌یامنێری كه‌ناڵی ئاسمانی گه‌لی كوردستان، ده‌ستیبه‌سه‌رداگیرا.
• رۆژی 7ی ئازار له‌به‌رده‌م بنكه‌ی ده‌نگدانی باخچه‌ی ڕ‌ازاوه له شاری كه‌لار كارمه‌ندێكی ئاسایش هێرش ده‌كاته سه‌ر كاوه ئه‌حمه‌د، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی ئاوێنه "به‌به‌رچاوی رۆژنامه‌نوسێكی گه‌رمیانی ئه‌مڕ‌ۆوه ئه‌م كرداره‌ی كرد."
• ڕ‌ێبین چالاك، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی ئاوێنه، له شاری كۆیه ئێواره‌ی 7ی ئازار سه‌نته‌ری میترۆی ئاگاداركرده‌وه كه له نزیك بنكه‌ی هامون لایه‌ن هێزێكی ئاسایشه‌وه هێرشی كراوه‌ته سه‌رو نه‌یانهێشتووه وێنه بگرێت قسه‌ی ناشیرینیان پێوتووه.
• نیان محه‌مه‌د، به‌رپرسی په‌یامنێرانی كه‌ناڵی ئاسمانی گه‌لی كوردستان، وتی مه رۆژی 7ی ئازار له شارۆچكه‌ی زه‌رایه‌ن له پارێزگای سلێمانی، نوێنه‌ری لیستی گۆڕ‌ان رێگری كردووه له مونیر سه‌لیم، په‌یامنێری كه‌ناڵه‌كه، له روماڵكردنی پرۆسه‌ی ده‌نگدان. هه‌روه‌ها له هه‌مان رۆژدا، رێگریكرا له شوان عادل، په‌یامنێری كه‌ناڵه‌كه، له روماڵكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.
• سه‌رله به‌یانی رۆژی 7ی ئازار له وێستگه‌ی زۆزك له شاری هه‌وڵێر رێگه‌نه‌درا كارزان كه‌ریم، په‌یامنێری ئاژانسی كوردستان بۆ ده‌نگ‌و باس (ئاكانیوز)، بچێته ناو بنكه‌كه‌وه. كارزان به سه‌نته‌ری میترۆی وت"باجی كۆمسیۆنیشم پێ‌بوو به‌لاَم به‌رپرسی ئه‌و بنكه‌یه رێگه‌ی نه‌دام بچمه ژوره‌وه."
• سامان ساڵح، په‌یامنێری ته‌له‌فزیۆنی زه‌حمه‌تكێشان، رۆژی 7ی ئازار رێگه‌ی پێنه‌درا بچێته ناو بنكه‌ی ده‌نگدانی دواناوه‌ندی به‌ختیاری له شاری سلێمانی. سامان به سه‌نته‌ری میترۆی وت" له كاتی وێنه‌گرتنی خروقاتێكی لیستی گۆڕ‌ان له‌ناو پۆلێكدا مۆمه‌كه‌یان دانابوو، ملازمێك به پاڵ من‌و وێنه‌گره‌كه‌ی كرده ده‌ره‌وه‌ی بنكه‌كه،" هه‌روه‌ها وتیشی، "ئه‌و ملازمه به‌من‌و وێنه‌گره‌كه‌ی وت ئه‌و راپۆرته بلاَومه‌كه‌نه‌وه چه‌ندێ پاره‌تان ئه‌وێت ده‌تانده‌مێ."
• رۆژی 6ی ئازار، ئیحسانی مه‌لا فوئاد، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی ئاوێنه له شاری كفری، به سه‌نته‌ری میترۆی راگه‌یاند له ڕ‌ێگه‌ی ئیمه‌یله‌وه چه‌ند جارێك هه‌ڕ‌ه‌شه‌ی كوشتنی لێكراوه.
• سه‌رده‌شت حمه ساڵح خاوه‌ن ئیمتیاز‌و سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری خه‌ڵك به سه‌نته‌ری میترۆی راگه‌یاند كه پاش نیوه‌ڕ‌ۆی 9ی ئازار له شه‌قامی شه‌ست مه‌تری له شاری سلێمانی ته‌قه‌ی لێكراوه. سه‌رده‌شت وتی، "دوژمانیه‌تی شه‌خسیم نییه ته‌نها په‌یوه‌ندی به نوسینه ره‌خنه‌ییه‌كانمه‌وه هه‌یه. سه‌باره‌ت به‌و رووداوه حاكم قادر حه‌مه‌جان، به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری ئاسایشی گشتی هه‌رێم، وتی، "ئاگاداری ئه‌و ڕ‌ووداوه‌ین‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی تیادا ده‌كه‌ین."
• له بنكه‌ی ده‌نگدانی شه‌فه‌ق له ناو شاری هه‌ولێر رێگه به په‌یامنێرانی هاولاَتی‌و لڤین و كه‌ناڵی تۆڕ‌ی هه‌واڵی كوردی (KNN) نه‌درا روماڵی پرۆسه‌ی ده‌نگدان بكه‌ن له‌رۆژی 7ی ئازاردا. سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی، په‌یامنێری هاولاَتی، به‌سه‌نته‌ری میترۆی وت، "كارئاسانی بۆ لایه‌نگری پارتی كرابوو له ناو حه‌وشه‌ی ناوه‌نده‌كه كۆببنه‌وه ویستمان هۆكاره‌كه‌ی بزانین رێگریان لێكردن‌و نه‌یانهێشت له‌و ناوه‌نده كاری خۆمان بكه‌ین."
• ئارام نه‌جم، په‌یامنێری كه‌ناڵی (KNN)، وتی كه رۆژی 7ی ئازار له شاری هه‌ڵه‌بجه رێگه‌نه‌درا روماڵی كارێكی رۆژنامه‌نوسی بكات. په‌یامنێری ئه‌و كه‌ناڵه به سه‌نته‌ری میترۆی راگه‌یاند چه‌ند كه‌سێك كه له نزیك بنكه‌یه‌كی ده‌نگداندا بانگه‌شه‌یان ده‌كر هه‌ڕ‌ه‌شه‌یان له خۆی و وێنه‌گره‌كه‌یان كرد‌و دوایان لێكرا كه، "ئه‌و شوێنه به‌جێبهێڵین و پێیان وتم ئه‌و وێنانه بلاَوبكه‌یته‌وه زه‌ره‌ر ئه‌كه‌یت."
• نزار گزالی، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی ئاوێنه، به سه‌نته‌ر میترۆی ڕ‌اگه‌یاند، كه سه‌ر له‌به‌یانی 7ی ئازار له شاری هه‌ولێر ڕ‌ێگه‌ی پێنه‌درا بچێته ناو هه‌ندێ ناوه‌ندی ده‌نگدانه‌وه، وه‌ك ناوه‌نده‌كانی كوردایه‌تی، شكات، چوارچرای كچان. نزار وتی كه له نزیك یه‌كێك له بنكه‌كانی ده‌نگداندا، "كاتێك ویستم وێنه‌ی ده‌نگدرێك بگرم وێنه‌ی بارزانی له‌سه‌ر سنگ بوو كامێراكه‌یان لێسه‌ندم‌و وێنه‌كه‌یان سڕ‌ییه‌وه."
• ئه‌حمه‌د میره، سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری لڤین به سه‌نته‌ری میترۆی ئاگاداركرد كه رۆژی 7ی ئازار، له بنكه‌ی قوتابخانه‌ی سه‌ركه‌وتنی بنه‌ڕ‌ه‌تی له شاری سلێمانی رێگه‌ی لێگیراوه ڕ‌وماڵی پرۆسه‌ی ده‌نگدان بكات، "باجی ره‌سمیم پێ‌بوو به‌لاَم به‌رپرسی بنكه‌كه...رێگه‌ی پێنه‌دام وێنه بگرم."
• رێبوار محه‌مه‌د، وێنه‌گری كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام له شارۆچكه‌ی خورماڵ، سه‌نته‌ری میترۆی ئاگاداركر كه له به‌رده‌م بنكه‌یكی ده‌نگداندا هێرشكراوه‌ته سه‌ری، "خه‌ڵكێكی نه‌ناسراو په‌لاماریان كه نزیكه‌ی 50 كه‌س ده‌بوون ئاسایش له ژێرده‌ستیان ده‌ریهێنام."
• رۆژی 4ی ئازار له كاتی ده‌نگدانی تایبه‌ت بیلال سه‌عیدو ئه‌حمه‌د ئه‌میر، په‌یامنێرانی سایتی یه‌كگرتوو، له‌لایه‌ن ئاسایشی گه‌رمیانه‌وه هێرشكرایه‌سه‌ریان. بیلال به سه‌نته‌ری میترۆی ووت، " به زه‌بری هێز كامێرا‌و باجی ڕ‌ۆژنامه‌وانی‌و مۆبایلیان لێسه‌ندین و به بۆكس‌و شه‌ق لێاینداین."
• ئێواره‌ی ڕ‌وَژى 4ی ئازار له‌كاتی به‌ڕ‌ێوه‌چوونى پرۆسه‌ى ده‌نگدانى تایبه‌ت، له بنكه‌ى خوێندنگاى بیتوێن له ناحیه‌ى چوارقوڕ‌نه، پۆلیسی به‌رگری فریاكه‌وتن هێرشیانكرده سه‌ر تیمێكی كه‌ناڵی (KNN). شاسوار مامه، په‌یامنێری كه‌ناڵه‌كه له شاری رانیه، به سه‌نته‌ری میترۆی ڕ‌اگه‌یاند كه "پاش كه‌مێك وێنه‌گرتن له‌لایه‌ن پوَلیسه‌كانى به‌رگرى و فریاكه‌وتن كه له‌كاتى نایاساییدا ده‌نگیان ده‌دا وێڕ‌اى ئیهانه‌كردن و قسه‌ى ناشیرین، هێرشم كرایه‌سه‌ر و به‌شێكى كامێراكه‌م شكێنرا."
• ئێواره‌ی رۆژی پێنج شه‌ممه 4ی ئازار تیمێكی ڕ‌ۆژنامه‌ی هاولاَتی كه پێكهاتبون له ئارا ئیبراهیم‌و سۆران ئه‌حمه‌د‌و سوركێو محمد‌و له‌كاتی روماڵكردنی هه‌واڵی پێكهه‌ڵپژانێ له به‌رده‌م لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان له سلێمانی هێرشده‌كرێته سه‌ریان. ئارا به سه‌نته‌ری میترۆی وت، "پاسه‌وانه‌كانی لقی چوار لێیاندام هه‌ردوو كامێرای ده‌ستی خۆم‌و هاوكارم به زۆر لێسه‌ندین."
• به‌شێك له رۆژنامه‌نوسان بێبه‌شكران له روماڵكردنی ده‌نگدانی جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆك كۆماری عێراق، له ناوه‌ندی ڕ‌ه‌وشه‌ن به‌درخان له شاری سلێمانی. وریا حه‌مه‌تاهیر، به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری نوسین له رۆژنامه‌ی ده‌ستور، وتی كه بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو كاتژمێر له چاوه‌ڕ‌وانیدابووه به‌لاَم ڕ‌ێگه‌ی پێنه‌دراوه بچێته ناو ناوه‌نده‌كه‌وه. وریا وتی، "جیاوازی كرا له نێوان راگه‌یاندنی حزبی‌و سه‌ربه‌خۆدا."
• حامد محه‌مه‌د، به‌رپرسی ڕ‌اگه‌یاندنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به میترۆی راگه‌یاند، كه رۆژی 7ی ئازار له‌كاتی ده‌نگدانی گشتیدا ،ڕ‌ێگری له تیمێكی كه‌ناڵی سپێده گیرا بچنه ناو ئه‌و بنكه‌یه‌ی كه ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ده‌نگی تیاداوه. حامد وتی، "هێزه‌كانی ئاسایش رێگریان لێكردین له كاتێكدا سه‌رجه‌م به‌رپرسی یه‌كه‌می حزبه‌كان له سه‌رتاپای كوردستان تیمێكی راگه‌یاندن هاوڕ‌ێیه‌تی ده‌كردن (بۆ ده‌نگدان)."
• رۆژی 4ی ئازار مه‌فره‌زه‌یه‌كی به‌ڕ‌ێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گه‌رمیان به بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی پێشوه‌خت رادیۆی (ده‌نگ) یان داخست‌و ده‌ستیان به‌سه‌ر ئامێره‌كانیدا گرت. ئازاد عوسمان محه‌مه‌د به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری ڕ‌ادیۆكه به‌سه‌نته‌ری میترۆی وت، "هاتنه سه‌رمان وتیان ئێوه قسه‌تان به حكومه‌ت ووتوه و ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌ندێ له ئامێره‌كاندا گرت‌و له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردیان." هه‌روه‌ها وتی كه مه‌فره‌زه‌كه فه‌رمانی دادوه‌رییان پیشان نه‌داون. عه‌لی محه‌مه‌د، به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری ئاسایشی گه‌رمیان وتی، "نابێت هه‌ركه‌سه هه‌ستێت رادیۆیه‌ك بكاته‌وه‌و ئیجازه‌ی ره‌سمیشیان نه‌بێت‌و قسه به‌م‌و به‌و بڵێت، بۆیه به‌بڕ‌یاری دادوه‌ر دامانخستوه تا مۆڵه‌ته‌كه‌مان پیشان ئه‌ده‌ن." به‌ڵام ئازاد عوسمان وتی كه مۆڵه‌تی ره‌سمیان هه‌یه‌و قسه‌یان به‌كه‌س نه‌وتووه. پاش ماویه‌ك كه‌ره‌سته‌كان گه‌ڕ‌ێندرانه‌وه‌و رادیۆكه په‌خشی ده‌ستپێكرده‌وه.
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ راوێژ‌و داكۆكی له رۆژنامه‌نوسان
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ راوێژ‌و داكۆكی له رۆژنامه‌نوسان، رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆی بێلایه‌نی قازانج نه‌ویسته بۆ به‌رگریكردن له رۆژنامه‌نوسان و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان. سه‌نته‌ری میترۆ له مانگی ئابی ساڵی 2009دا دامه‌زراوه.
هه‌موو بابه‌ت و بڵاو کراوه‌کان بیر‌و بۆچونی خاوه‌نه‌کانیه‌تی جیهان سات لێی به‌رپرسیار نیه . |