
حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا:
25 ساڵ به‌ر له ئێستا له کاتێکا دوایین تاقیکردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌م سه‌رکه‌وتووانه ته‌واو کردبوو و ده‌مویست له هۆڵی تاقیکردنه‌وه‌کان بچمه ده‌ره‌وه، ناوم له‌گه‌ڵ ناوی 3 قوتابی دیکه خۆێنرایه‌وه که به په‌له و بێڕاوه‌ستان له " به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی فێرکردن و په‌روه‌رده‌ی شارستانی بۆکان" ئاماده بین...
له‌وێ "ئاغای شه‌ریفپوور" سه‌رۆکی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه، که پاسدارێکی نه‌خوێنده‌وار بوو، پاش پرسینی ناوه‌کانمان و دڵنیا بوون له‌وه‌ی نێچیره‌کانی هه‌ون، به بزه‌یه‌کی درۆزنانه‌وه داوای لێ‌کردین چه‌ند خوله‌کێک هه‌ر له حه‌ساری به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تییه‌که چاوه‌ڕوان بین تا بانگمان ده‌کاته لای خۆی. ماوه‌که تێپه‌ڕی و بانگی نه‌کردین. ئۆتۆمبیلێک خۆی کرد به حه‌وشه‌که‌دا، شۆفێرێک و دوو پاسداری چه‌ک به‌ده‌ستی لێدابه‌زین و ئێمه‌یان ترنجانده نێو ئۆتۆمبیله‌که‌وه. ئه‌مڵاواییان لێگرتین و پاش 10- 15 خوله‌کێک خۆمان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئیتلاعات دیته‌وه. چاومان به‌سترا، دایاننیشاندیین و قڕ و قه‌پیان پێکردین.
منێ که تا ئه‌وسا له زیندانێکی گه‌وره‌دا بووم، له‌وه‌ولا له زیندانێکی بچووکتر په‌ستێندرام. له حاڵێکدا هێشتا به ته‌مه‌نی قانوونیی نه‌گه‌یبووم و مێرمنداڵێکی شلک و ساوا بووم، 3 ساڵان له باشترین ساڵه‌کانی ته‌مه‌نه‌م له چاڵه‌ڕه‌شه‌کانی" ئێران" له نێو ئه‌شکه‌نجه و ئێعدام و خه‌می هه‌ڵوه‌رینی "گوڵ"ه‌کاندا برده سه‌ر...
لێمده‌پرسن بۆ قه‌ڵسی که پێمان ده‌ڵێن "ئێرانی"؟
با جارێ له‌و هه‌موو نه‌یامه‌تییه گه‌ڕێم که ئێرانی بوون بۆ نه‌ته‌وه‌که‌می به‌رهه‌مهێناوه و ئه‌م قه‌واره ناله‌باره ته‌نیا به خۆم بگرم.
ئاخر چۆن سۆزم بۆ ئێرانێک هه‌بێ که سه‌رۆکی ده‌زگای فیرکاری و په‌روه‌رده‌که‌ی قوتابیی خۆی بگرێ و به‌ده‌م گورگییه‌وه بدا؟ چۆن له حوکمێ یاخی نه‌بم که له ژووره‌کانی قوتابخانه‌وه گوێزامییه‌وه چاڵه‌کانی زیندان، مامۆستای لێکردمه ئه‌شکه‌نجه‌گه‌ر و ده‌رس وده‌وری لێکردمه لێکۆڵینه‌وه و ته‌حقیق؟
ئه‌و رۆژه‌ی دوایین هه‌نگاوه‌کانی ده‌رچوون له سنووری زیندانه‌گه‌وره‌که‌م بڕی، له‌گه‌ڵ دواپڕمه‌ی وڵاخه‌که‌مدا، پێناسه " ئێرانی"یه‌که‌م به دڵه‌وه به یه‌کجاریی پێشکه‌شی" پارێزه‌رانی ته‌واوه‌تی خاکی ئێران" کرده‌وه. هه‌رگیز بۆی په‌ژیوان نه‌بوومه‌وه و وه‌دووی ناسنامه و پێناسی راسته‌قینه‌ی خۆم که‌وتم!
نه من و نه باووکاڵی من به ره‌زامه‌ندیی خۆمان" شناسنامه‌ی ئێرانی" مان هه‌ڵنه‌گرتووه. عه‌جه‌مه مرۆڤخۆره‌کان به زۆرداریی و به زه‌بری په‌ت و سێداره و چاڵه‌ڕه‌شه‌کانیان به سه‌ریاندا بڕیوین. ئه‌و عه‌جه‌مه‌ی تاوانی موکری قڕان و کوشتاره‌که‌ی قه‌ڵای دمدم و قه‌ڵاچۆی ڵوڕکانی خۆڵقاند. نه‌وه‌کانیشیان سه‌رکرده‌کان و ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له که‌سوکاره‌که‌می یه‌ک به‌دوای یه‌کدا ناجوامێرانه له خوێن گه‌وزاند، یان به سێداره‌یدا کردن. گوڵی ته‌مه‌نی دوو براشمیان پیش پشکووتن هه‌ڵوه‌راند. هه‌ر وه‌ک چۆن له باخچه‌کانی ئه‌وبه‌ریشمان هاوکووفه ترک و عاره‌به‌کانیان به‌و ته‌رزه‌یان له‌گه‌ڵ پسمام و دودمامه‌کانم کردووه.
بۆیه زۆر به‌وه خه‌مگین و دڵ ناشادم که برینه‌کانیان کولاندوومه‌ته‌وه و پێناسه‌یه‌کیان بۆ دروست کردووم که له ناسنامه‌ی قاتڵه‌کانی حه‌مزاغای مه‌نگۆڕ و سمکۆ و پێشه‌وا و ئێحسان نووری پاشا و قاسملو و شه‌ره‌فکه‌ندی و سه‌عید یه‌زدانپه‌نایه! له حاڵێکدا له‌و فۆرمه‌دا که پڕم کردوه‌ته‌وه نووسیومه: " کوردم و کوردستانییم".
له‌و رۆژه‌وه ئه‌م پێناسه‌م له باخه‌ڵ خستووه وه‌ک گرێ له سه‌ر دڵم خڕ بووه.
ده‌ترسم رۆژێک به‌و ده‌رده‌وه بمرم و به‌و داخه‌وه سه‌ر بنێمه‌وه که هه‌ر نه‌بوومه خاوه‌ن شناسنامه‌ی راسته‌قینه‌ی خۆم!
به‌ڵام تۆ خوا هاوڕێکانم، هاوپۆله‌کانم، سوێندتان ده‌ده‌م به پاکیی کچه‌کانی ئه‌نفال و چاوه له ڕێکانی ئه‌و مناڵانه‌ی باوکه‌کانیان و ئه‌و کیژۆڵانه‌ی ده‌سگیرانه‌کانیان بڕان و هه‌رگیز نه‌گه‌ڕانه‌وه، ئه‌گه‌ر مردم مه‌هێڵن پێناسی سه‌رگۆڕه‌که‌م ئه‌نفال بکرێ و به دروستی وه‌ک خۆی بینووسن: " نه عاره‌بم نه ئێرانی، نه تورکێکی شاخستانی، هه‌ر کورد بووم و هه‌ر کورد ده‌بم".
سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی "بۆ کوردستان" ژماره‌ی 2
نێردراو له لایه‌نJehanSat
له ڕۆژی January 25 2008 13:51:07
| 1181 خوێندراوه ·
|
|